دوو کەس لە کرماشان بەهۆی تەقینەوەی خومپارەیەکی بەجێماو لە شەڕی نێوان ئێران و عێراق لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری کرماشان گیانیان لەدەست داوە.
شەوی یەکشەممە ١٣ی پووشپەڕ، بەهۆی تەقینەوە خۆمپارە کە لە دەورووبەری شارەکی جەلالییەی کرماشان ڕوویداوە، دوو کەس کە خەریکی کۆکردنەوەی ئاسنەواڵە بوون بە سەر ئەو خۆمپارەیەدا کەوتوون کە بووەتە هۆی گیان لە دەستدانیان.
لەو ڕووداوەدا یەکێک لەو دوو کەسە کە تەمەنی ٣٨ ساڵ بووە دەسبەجێ گیانی لەدەستداوە و کەسەکەی دیکەش کە تەمەنی ٥٤ ساڵ بووە پاش ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە سەرەتای ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٩٩، سەرجەم ٣٥٨ هاووڵاتیی مەدەنی لە کوردستان بوونەتە قوربانیی مین و کەرەستەکانی شەڕ کە لە کۆی گشتیی ئەم ئامارە، ٩٤ هاووڵاتی کوژراو و ٢٦٤ هاووڵاتیی دیکە بریندار بوون.