زۆربەی خەڵکی ئێران تەنانەت ناتوانن پاش مردنیش، لە دەس قەرز و قیست و وام ڕزگاریان بێ و بۆ کڕینی قەبریش پێویستیان بە “قەرزە”.
هەواڵدەریی تجارەت نیوز، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە لە مانگەکانی ڕابردوودا گرانیی لە ئێراندا گەیشتوەتە ئاستێک کە زۆربەی خەڵک بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێویستییەکانی ژیانیان بێ وەرگرتنی قەرز ناتوانن ژیان بەڕێ بکەن و لە کاتی لە دایکبوونیانەوە تاکاتی مردنیان، بەردەوام دەبێ قەرز و قیست بدەنەوە.
لە ئێراندا بەهۆی قەیرانە ئابوورییەکانەوە بە چەندین جۆر قەرزی بانکیی دەدرێ بە خەڵکی ئێران، بۆ نموونە وامی منداڵبوون، نەزۆکیی، سەربازیی، کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە، کڕینی شتومەکی ڕۆژانە، هاوسەرگیریی، خانەنشینکراوی ئێستاش بۆ کڕینی قەبر، بە واتایەکی دیکە خەڵکی ئێران بە مردنیش لە دەس قەرز و وامەوە ڕزگاربوونیان نییە.
لە ئێراندا بەهۆی جیاوازی زۆر لە نێوان دەوڵەمەند و هەژارەکاندا کەلێنێکی زۆر کەوتوەتە نێوکۆمەڵگە و خەڵکەوە بەجۆرێک کە خەڵکی دەوڵەمەند تەنانەت بۆ کڕینی قەبرێک ١٥٠میلیۆن تمەن دەدەن بەڵام خەڵکی هەژار بۆ ناشتنی مردووەکانیان ناچارن وامی دوو میلیۆن تمەنیی وەرگرن.
جێگای ئاماژەیە لە ئێراندا ئەگەر کەسێک بمرێ ٢٠٠ تا ٣٠٠ میلیۆن تمەن بۆ کفن و ناشتن و بەردی قەبرەکەی پێویستە، بە واتایەکی دیکە مرۆڤەکان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئاخوندەکاندا لە کاتی مردنیشدا قەرزدار دەبن.