قاسم ساعێدی، نوێنەری دەشتی ئازادگان لە مەجلیسی ڕیژیمی ئێران دەڵێ: بەهۆی قەیران و کەمیی ئاوی خواردنەوە لە هێندێک لە شارەکانی پارێزگای خووزستان، خەڵک بە چەند کاتژمێر لە ڕیزی دوور و درێژدا ڕادەوەستن بۆ کڕینی ئاوی خواردنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی”ئیسنا” ڕۆژی دووشەممە١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ساعێدی، بارودۆخی خەڵکی پارێزگای خووزستانی بەهۆی کەم ئاوییەوە مەترسیدارتر لە بارودۆخی پەتای کۆرۆنا ناوبرد و وتی: دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی خەڵکی ئەو پارێزگایە زۆر بە سەختییە و خەڵک ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بوونەتەوە و دەبێ حکوومەت چارەسەرێک بۆ کێشەی کەم ئاوی خەڵکی ئەوپارێزگایە ببینێتەوە.
ساعێدی بە ڕەخنەگرتن لە عیسا کەڵانتەری، بەرپرسی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ئێران وتی: زۆربەی ماسییەکانی تاڵاوی” هورولعەزیم” لە نێوچووە، ئاژەڵەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە یەک لە دوای یەک بەهۆی بێ ئاوییەوە دەمرن و بەرپرسی ژینگەپارێزیی ئەو پارێزگایە جێگای خۆی خۆش کردووە و بۆی گرینگ نییە چی بەسەر خەڵکی هەژاری ئەو پارێزگایەدا دێ.