٦٠نوێنەری پارلمانی یەکیەتیی ئورووپا لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە ڕێبەرانی ئورووپایی کردوە کە گەمارۆ بخەنە سەر پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران و هەروەها داوایان کردووە کە بەهۆی کردەوە تێرۆریستییەکانی ئێران لە ئورووپا ئەو وڵاتە گەمارۆی بخرێتەسەر.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی ،٦٠نوێنەری پارلمانی ئورووپا لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی خۆیان لەهەمبەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕایانگەیاندوە کە بێ موبالاتی و گوێنەدانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە بارودۆخی مەترسیداری مافی مرۆڤ لە ئێران و لە کاتی کوشتنی بەکۆمەڵ و لە سێدارەدانی بەندکراوانی سیاسیی لە ساڵی ٦٧ی هەتاوی، هۆکارە بۆ چاو نەترسی و بێ شەرمی ئاخوندە دەسەڵاتدارەکان لە تاران و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرە بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەدەن.
نوێنەرانی پارلمانی یەکیەتیی ئورووپا، سەرەڕای بەرزنرخاندنی هەوڵەکانی ئەم دوایانەی یەکیەتیی ئورووپا لەهەمبەر گەمارو خستنەسەر ئەو کەسانەی کە لە ناڕەزایەتییە گشتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی لە ئێران زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە خەڵکی ناڕازیی ئێرانیان کوشتووە ڕایانگەیاند کە ئەم هەنگاوە هەنگاوێکی دروستە و دەبێ یەکیەتیی ئورووپا لەهەمبەر پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران بوێرانە بڕیار بدا و بێدەنگ نەبێ.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا بە ئاماژە بە لە سێدارەدانی ١١٨ ژن لە کاتی سەرۆککۆماریی حەسەن ڕووحانیدا هاتووە کە: ئەو ڕێژەیە لە لەسێدارەدانی ژنان لە ئێراندا، ئێرانی لە پلەی یەکەمی وڵاتانی جیهان بۆ لەسێدارەدانی ژنان داناوە.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ڕێبەرانی ئێران بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تۆمەتبارن بە تێرۆری جیابیران و ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیونی ئێرانی لە وڵاتانی ئورووپایی لە ساڵانی ڕابردوودا، وەکوو تێرۆری هونەرمەند فەرەیدوون فەڕوخزاد لە ئاڵمان، تێرۆری ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد وەکوو تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو ڕێبەری حیزبی دێموکرات و هاوڕێیانی لە بێرلین، تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی، ڕێبەری حیزبی دێموکرات لە ڕێستورانی میکۆنووسی ئاڵمان، تێرۆری شاپوور بەختیار ئاخرین سەرۆک وەزیرانی دەورانی پاشایەتیی لە ئێران، تەقینەوەی ناوەندی یەهودییەکان لە بۆینێس ئایرێس پێتەختی ئارژانتین.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا نوێنەرانی پارلمانی ئورووپا داوایان لە ڕێبەرانی وڵاتانی ئورووپایی کردووە بە سەرەنجدان بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئێران و هەروەها کردەوەی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ئورووپایی گەمارۆ بخرێتە سەر ئەو وڵاتە.