ڕێکخراوی چاوەدێری کۆچبەریی ئێران: لە دوو ساڵی ڕابردوودا داوای پەنابەری و کۆچکردن لە ئێران زۆر بەرز بووەتەوە.
بەهرام سەلەواتی، بەرپرسی ڕێکخراوی چاودەێری کۆچبەریی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی هەمشەهری وتی: ” بەپێی دوایین ئامارەکان لە دوو ساڵی ڕابردوودا کۆچکردن لە جۆری پەنابەریی لە ئێران بەرز بووەتەوە و ئەوەش جێگەی نیگەرانییە بۆ داهاتووی ئێران.
سەڵەواتی ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆچکردن بە شێوەی پەناخوازیی، بۆ ئەو کۆچەرانەی کە دەیانهەوێ ببنە پەنابەر، زیاتر لە ڕێگەی نایاسایی و بە قاچاخ ئەنجام دەدرێ و زۆربەی ئەو پەناخوازانە لە ڕێگەی تورکیەوە دەیانهەوێ بگەنە ئورووپا.
ناوبراو بڕیاردانی خێرا و بەرزبوونەوەی حەز و ویستی پەنابەریی خەڵکی ئێرانی بۆ وڵاتانی دەرەوە بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە نەبوونی هیوا و بەشداریی ئابووریی و کۆمەڵایەتی لە نێوخۆی وڵات وایکردووە کە بەشێکی بەرچاو لە گەنجان و جیلی نوێی ئێران، بە هیوای دۆخێکی باشتر و ژیانێکی ئاسوودە لە وڵاتانی ئورووپایی ئێران بەجێ دەهێڵێن.