شەوی ڕابردوو لە درێژەی بەردەوامیی پچڕانی کارەبا دانیشتوانی ناوچە جیاجیاکانی شاری تاران ، بەدژی عەلی خامنەیی دروشمیان دەدا.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، شەوی یەکشەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەهۆی پچڕانی بەردەوامی کارەبا و خامووشییەکان، خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی شاری تاران بەمەبەستی ناڕەزایەتیی دەربڕین درووشمی” مەرگ بەر خامنەیی” و مەرگ بەر دیکتاتۆریان دەگوتەوە و بەرپرسانی ئێرانیان بە دز و گەندەڵ ناو دەهێنا.
هەروەها بەهۆی بەردەوامیی و بەربڵاوی پچڕانی کارەبا لە پارێزگاکانی گوڵستان و فارس، خەڵکی ئەو پارێزگایە شەوی ڕابردوو ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و دروشمگەلی جۆراوجۆریان بەدژی خامنەیی و بەرپرسانی وڵات دەگوتەوە.
جێگای ئاماژەیە بەهۆی پچڕانی بەردەوامیی کارەباوە لە شارەکانی ئێران و بێ ئەوەی کە بەرپرسانی پێوەندیدار لە پێشدا خەڵک ئاگادار بکەنەوە خەڵکی تووشی کێشەی گەورە بووە وتەنانەت نەخۆشەکان لە نەخۆشخانەکاندا لە دۆخێکی خراپدا دەژین.
هەرلەم پێوەندییەدا مستەفا ڕەجەبیمەشهەدی، وتەبێژی ئیدارەی کارەبای ئێران وتی: بەهۆی گەرمای زۆرەوە و خواستی خەڵک بۆ بەکارهێنانی ئامێرە فێنککەرەوەکانەوە تا دوو مانگی داهاتووش بەردەوام و ناوە ناوە کارەبا لە هەموو شارەکانی ئێراندا دەپچڕێ.
هەروەها ڕەزا ئەردەکانیان، وەزیری وزە لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە بەهۆی دەسپێکردنی لە ناکاوی گەرما و بەکارهێنانی لەڕادە بەدەری ئامێرە فێنککەرەوەکان، وێستگەکانی دابینکردنی کارەبا ناتوانن لەو زیاتر کارەبا بەرهەمبهێنن.