لە قەیرانی بێئاویی لە ئێراندا زیاتر لە ٨هەزار گوند ئاوی خاوێنی خواردنەوەیان نییە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی “ئیرنا”، حەمیدڕەزا کەشفی”، وتەبێژی ناوەندی ئاو و ئاوەڕۆی ئێران لە دانیشتنێکدا لەگەڵ وەزارەتی وزە ڕایگەیاند: ” ساڵی ڕابردوو ئەو گوندانەی کە بە تانکێڕ ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەکرا ٥ هەزار و ٥٠٠ گوند بوو ئەم ژمارەیە ئەمسال بۆ ٨ هەزار گوند بەرز بووەتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە گەرمای وەرزی هاوینی ئەمساڵ بەوتەی کەشناسان لە گەرمترین هاوینەکانی یەک دەیەی ڕابردوودا دەبێ و خەڵکی ئەو ناوچانە لەگەڵ قەیرانی بێئاوی بەرەوڕوون و تا ئێستا چەند جار خەڵک کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام لەلایەن بەرپرسان و ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە و نەبوونی باران و ویشکەساڵی بەهۆکاری سەرەکیی نەبوونی ئاوی خواردنەوە دادەنێن.
هەر لەو پێوەندیەدا عیسا کەلانتەری بەرپرسی ژینگەپارێزیی ئێران مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ ڕایگەیاندبوو کە پەرەسەندنی قەیرانی بێئاویی و چارەسەر نەکردنی دەبێتە هۆی دروستبوونی شەڕێ بێئاویی لە نێوان پارێزگاکان و گوندەکاندا و دەبێ کارێک بکرێ کە بەکارهێنانی ئاو لەو ناوچانەدا وەک یەک بێ.