لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا ڕۆژی ڕابردوو ١٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران و هەروەها مانگرتنی شۆفێر تاکسییەکانی زەنجان بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا ١٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چووە.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە مامۆستایانی ناسراو بە “کارنامە سەوزەکان” بۆ حەوتەمین ڕۆژی بەردەوام لە بەردەم بینای وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی تاران، پارێزەرانی مافی ئاژەڵان لە بەردەم بینای ئۆستانداریی قەزوێن، ئاژەڵداران و جووتیارانی شاری تیکاب لە بەردەم بینای فەرمانداری ئەو شارە، ماڵبراوانی پڕۆژەی ڕزوانی قوم لە بەردەم بینای دادگووستەری ئەو شارە، خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی لە شارەکانی خوڕەماوا، شووش و ئەهواز لە بەردەم بینای ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی شارەکانیان، جووتیارانی شاری شووش لە بەردەم بینای فەرمانداری ئەو شارە، کرێکارانی کۆمپانیای نەیشەکەری حەوت تەپە بۆ چەندین ڕۆژی بەردەوام لە شوێنی کارەکەیان، خزمەتگوزارانی قوتابخانەکانی زۆربەی پارێزگاکانی ئێران لە بەردەم بینای وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان لە شاری تاران، خانەنشینکراوانی پیشەی پۆڵا لە پارێزگاکانی خووزستان و ئیسفەهان لە بەردە بینای کۆمپانیای شارەکانی خۆیان، کارمەندانی پەیمانکاری ناوەندی تەندروستی قوم لە بەردەم بینای وەزارەتی تەندروستی لە تاران، لاوانی بێکاری گوندی مەروانەی ئەهواز لە بەردەم بینای کۆمپانیای نەیشەکەری ئەهواز، کرێکارانی شارەوانی خوڕەمشار بۆ دووهەمین ڕۆژی بەردەوام و هاوکات شۆفێر تاکسییەکانی شاری زەنجان پەیوەستبوون بە مانگرتنە گشتییە کرێکارییەکانی ئێرانەوە.