بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا هەواڵی هێرشی مووشەکیی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی بۆ سەر گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە”ئەلعەمەر”ی سووریە پشتڕاستکردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدیری مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، مەیدانی نەوتی”ئەلعەمەر” یەکێک لە گەورەترین بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا وهێزە هاوپەیمانەکان لە سووریە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە کرایە ئامانجی هێرشی مووشەکی.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی ئەلمەیادین هەڵکەوتوو لە ڕۆژاوای ڕووباری فورات، چەندین ڕاکێتی مووشەکییان ڕەوانەی بنکەی سەربازیی” ئەلعەمەر” یەکێک لە گەورەترین بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمان لە سووریە کردوە و تا ئێستا خەسارەکانی ئەو هێرشە ڕانەگەیێندراوە.
هاوکات لەگەڵ ئەو هێڕشە مووشەکییەدا وتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە هەواڵدەریی ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاندوە کە ئاگادارین میلیشیاکانی سەر بەڕێژیمی ئێران هێرشیان کردۆتە سەر بنکە سەربازییەکانمان لە سووریە، بە زووترین کات وڵامی خێرامان دەبێ.
جێگای ئاماژەیە کە لە ماوی حەوتووی ڕابردوودا مەیدانی نەوتی ئەلعەمەر لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە کرابووە ئامانجی مووشەکیی و پاش ئەو هێرشە هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا سێ بنکە سەربازیی حەشدی شەعبی و هێزەکانی سپای پاسدارانیان لە سنوورەکانی سووریە و عێراق کردە ئامانج و بۆمبارانیان کرد.