ئەمیر حوسێن حاجیزادە، فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی سپای پاسداران بە ئاماژە بە کابینەی نوێی ئیبراهیم ڕەئیسی، وتی: بۆ یەکەمین جار لە ئێراندا دەوڵەتێکی ئیسلامیی، ئێران بەڕێوە دەبا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی”مێهر” ئەمیر حوسێن حاجیزادە، فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی سپای پاسدارانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەسەر پێکهێنانی دەوڵەتێکی ئیسلامی لەلایەن ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری نوێی ئێران قسەی کردووە و هەروەها ڕایگەیاندووە کە هەموو خەڵکی ئێران هیوادارن بە پێکهێنانی کابینەی نوێی دەوڵەت بۆ یەکەمین جار دەوڵەتێکی ئیسلامی بێتە سەر کار و بەکەڵک وەرگرتن لە هێزەکانی ویلایەتی فەقێ، کێشەکانی خەڵکی ئێران چارەسەر بکرێ.
ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە تیمی وتووێژی ئێران لە وتووێژەکانی ڤییەن دەبێ ئەوە بزانن کە لەگەڵ دوژمندا وتووێژ دەکەن وتی: ئەمریکا هیچ کات دۆستی ئێمە نەبووە و نییە و هەر بەم هۆیەوە پێوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا ئاسایی نابێتەوە و تەنانەت ئاسایی بوونەوەی پێوەندییەکانمان هیچ جۆرە کێشەیەکی وڵات چارەسەر ناکا.
جێگای ئاماژەیە کە باس لەوە دەکرێ لە دەوڵەتی داهاتوودا پۆستی وەزارەتی بەرگریی بدرێ بە حاجیزادە، ئەو کەسەی کە سێ ڕۆژ تەقاندنەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکەی لەلایەن هێزی ئاسمانی سپای پاسدارانەوە شاردەوە و بۆ خۆی یەکێک لە پێشێلکارەکانی مافی مرۆڤە لە ئێراندا.
پێویستە بگوترێ کە پێش لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێراندا عەلی خامنەیی داوای پێکهێنانی دەوڵەتێکی حیزبوڵایی دەکرد و شۆرای نیگابان بە ڕەتکردنەوەی لێوەشاوەیی بەربژێرەکان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری ڕێگای بۆ خواست و ویستەکانی خامنەیی خۆشتر کرد.