بێنی گانتس دەڵێ: ڕێژیمی ئێران زۆر بە باشی دەزانێ کە ئێمە لە خاکی ئێراندا چالاکیی سەربازیی دەکەین.
بێنی گانتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، شەوی یەکشەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی ١٣ی تەلەڤیزیۆنی سەربازیی ئیسرائیل وتی: لە کۆتاییدا دەبێ ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران ببینەوە و ئێران بە باشی ئەوە دەزانی کە ئێمە لە خاکی وڵاتەکەیدا چالاکیی سەربازیی دەکەین و لە ئێستادا خەریکی خۆئامادەکردنین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا بۆ بەرگریی و پاراستنی وڵاتەکەمان.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئیسرائیل هیچ کات ئیزن بە ئێران نادا ببێتە خاوەنی چەکی ناوکیی وتی: بەرپرسانی ئێرانی دەزانن کە ئێمە لە خاکی ئێراندا بەدژی دامەزراوە ناوکییەکانی ئەو وڵاتە چالاکیی سەربازیی بەڕێوە دەبەین و سوورین لە سەر ئەو باوەڕەی کە ڕێژیمێکی تێرۆریست وەکوو ئێران نابێ دەستی بە چەکی کۆمەڵکوژ ڕابگا و درێژە بە چالاکییە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا بدا.
پێویستە بگوترێ کە تائێستا چەند تەقینەوەی بەهێز لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران ڕوویداوە و هێندێک لە بەرپرسانی باڵای بەرنامەی ناوکیی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا” یووسی کۆهێن” بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی هەواڵگریی”مووساد” لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل وتبووی کە هێزەکانی مووساد دزەیان کردۆتە نێو دڵی ڕێژیمی ئێرانەوە و دەستیان بە بەڵگەگەلێکی زۆر گرینگی تایبەت بە بەرنامەی ناوکیی و مووشەکیی ئێران گەیشتووە.