کرێکارانی شارەوانی تیکاب لە مانگرتنێکی گشتییدا پەیوەستبوون بە مانگرتنە گشتییەکان لە ئێراندا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەدرێژەی مانگرتنە گشتییەکان لە شارەکانی ئێراندا لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کرێکارانی شارەوانی تیکاب پەیوەستبوون بە مانگرتنە گشتییە کرێکارییەکان.
بەپێی ئەو هەواڵە، کرێکارانی شارەوانی تیکاب چەند ڕۆژێکە مانیان گرتووە و کەس نییە زبڵ و زاڵ کۆ بکاتەوە و لە نێو شار زبڵ و زاڵێکی زۆر کۆبۆتەوە.
بەشێکی دیکەش لە خەڵکی جووتیار و ئاژەڵداری ناوچەکە سەرەڕای مانگرتن لەبەردەم شارەوانی تیکاب، هەموو زبڵ و زاڵەکان و پاشماوەکانیان بردۆتە نێو حەوشەی شارەداری و لەوێ بە جێیانهێشتووە.
هەرلەم پێوەندییەدا ناسێح محەممەدخانی، شارەداری تیکاب بە فەرمیی ڕایگەیاندووە کە ئیمە هیچمان لە دەست نایە و بەرپرسانی حکوومەت وڵامی ویست و داخوازییەکانی ئێمەش نادەنەوە.