ئەنجومەنی ژینگەپارێزی “ژینکۆ”ی شنۆ داوای یارمەتیی لە ژینگەپارێزان و هاووڵاتییانی شنۆ، بۆ گواستنەوەی ماسییەکانی چۆمی گادەر دەکا.
ئەنجومەنی ژینگەپارێزی” ژینکۆ”ی شاری شنۆ لە بانگەوازێکدا لەژێر ناوی” هەرەوەرزێک بۆ ژینگە” ڕۆژی شەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە بەداخەوە بەهۆی ویشکبوونی ئاوی چۆمی گادەر ماسییەکانی ئەو چۆمە بەگشتی و ماسییەکانی پووشاوێ بەتایبەتی، مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، هەر بۆیە ئەنجومەنی ژینکۆ به هاوکاریی ئیدارەی ژینگەی شنۆ، هەڵمەتێک لە پێناو ڕاگواستنی ئەو ماسییانه بۆ شوێنێکی گوونجاوتر بەرێوه دەبا.
بەم بۆنەوە داوا له سەرجەم ئەندامانی ژینکۆ و لایەنگران و هاووڵاتیانی بەڕێز لە شار و دێهاتەکانی دەوروبەر دەکەین لە کات و شوێنی دیاریکراودا کۆ ببنەوە و لەو چالاکییە خێرخوازانەیەدا و بۆ بەرێوەبردنی ئەم هەڵسووڕانە گرینگە یارمەتیمان بدەن و بەشداریی بکەن.
کاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکە ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ لە سەر پردی پووشاوێ دیاریکراوە.