ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی یارسان بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی خەیرۆڵا حەقجوویان مانیان لە خواردن گرت.
ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی یارسان، بە مەبەستی پاڵپشتیکردن لە خەیرۆڵا حەقجوویان، لە حەوتەمین ڕۆژی مانگرتنی ناوبراو لە بەندیخانەی دیزڵ ئابادی کرماشان، بۆ ماوەی ۴۸ کاتژمێر لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ۱۳ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، مانیان لە خواردن گرت.
ئەم گرووپە ئامانجیان لە مانگرتن، بەرزکردنەوەی دەنگی بێتاوانی خەیرۆڵا حەقجوویان و باقی ئازادیخوازان ڕاگەیاند و داوایان لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد کە ئاوڕێکی ژیرانە لەم دۆسیانە بدەنەوە.
خەیرۆڵا حەقجوویان ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی بانگهێشتی ئیتلاعاتی کرماشان کرا و پاش لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی دیزڵ ئابادی کرماشان کرا، تۆمەتە پاڵخراوەکانیی ئەم هاووڵاتییە بێڕێزی کردن بە پیرۆزییەکانی ڕژێم و بێڕێزی کردن بە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیێندراوە.