چالاکانی مەدەنیی مەریوان، لەهەمبەر کوشتنی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، سەرەڕای بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی بەیاننامەیەکیان لەو پێوەندییەدا بڵاوکردەوە.
چالاکانی مەدەنیی مەریوان ڕۆژی شەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا لەهەمبەر کوشتنی کۆڵبەران ڕایانگەیاند کە لەم ڕۆژانەدا چەن لاوێکی کۆڵبەری ناوچەی مەریوان و هەورامان بە دەسڕێژی ڕاستەوخۆ و بە گوللـەی هێزە ئینتزامیی و چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران گیانیان لەدەستداوە، هەرچەندە ئەم ڕووداوە یەکەم جار نییە و ئاخر جاریش نابێت. بەڵام کوژران و بریندارکردنی کۆڵبەران بەم ڕێژە زۆرە و لەم ئاستە بەرینەدا، گومان و پرسیاری زۆری لای ئێمە وەک کۆمەڵگەی مەدەنیی مەریوان دروست کردووە. هەروەک هەمووان دەزانن کۆڵبەریی کارێکی نایاسایی نییە بەڵکوو کوشت و بڕ و ڕەشەکوژیی کۆڵبەران، کارێکی دژە یاسا و نامرۆڤانە و لە دژی یاسای مافی مرۆڤە و مایەی قەبووڵکردن نییە، بۆیە ئێمە وەک کۆمەڵگەی مەدەنیی مەریوان بە توندیی ئیدانەی کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەران دەکەین و هەر جۆرە ئازار دانێکی ئەوان بە تاوان دەزانین.
کۆمەڵگەی مەدەنیی مەریوان بۆ مەحکووم کردن و بەرپەرچ دانەوەی ئەم هێرشە ناڕەوایانە بەرامبەر کۆڵبەران خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ و کاردانەوە و گرتنەبەری ڕێکاری ناڕەزایی دەربڕین بە شێوەگەلی جۆراوجۆر بە مافی خۆی دەزانێ.
لە بەشێکی دیکەی ئەم بەیاننامەیەدا ڕوو لە بەرپرسانی سیاسی و ئیداری ئەو ناوچەیە هاتوە کە، بێدەنگی بشکێنن و ئیزن مەدەن هێزە چەکدارەکان ئەم دڕندەیی و هێرش کردنە بۆ سەر کۆمەڵێک لاوی بێکار و بێ داهات درێژە پێ بدەن و هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکراتان هەبێ.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا سەرەڕای ڕەخنە لە کۆمەڵگەی کوردیی بە گشتیی هاتووە کە ئێوە نابێ لە هەمبەر ئەم هەموو ستەم و پێشێلکردنی ماف و ناعەداڵەتی و کوشتن و بڕین و سەرکوتکردنەدا بێدەنگ بن و تاک بە تاکی ئێمە لە بەرامبەر ویژدان و مێژوو و نەوەکانی داهاتووماندا بەرپرسیارین و ئەبێ بە هەر شێوازێک کە دەتوانین کاردانەوەمان هەبێ.
بەشی کۆتایی بەیاننامەکە ڕوو لە کۆڵبەران دەڵێ: ئێمە وەک کومەڵگەی مەدەنی، کۆڵبەری بە شیاوی ئێوە نازانین و بە ئەرکی حکوومەتی دەزانین کار و پیشەی گونجاوتان بۆ دابین بکات، بەڵام لە ئێستادا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ ئەو هێرشانە کە ئەکرێتە سەرتان پێویستە یەکگرتوو و یەک هەڵوێست بن و کاردانەوەتان هەبێ.
ئێوە لە هەموو کەس زیاتر ئەبێ لە ئێش و ئازاری یەکتر تێبگەن و نابێ ئەم کوشتار و ڕەشەکوژییە وەک چارەنووسی خۆتان قبووڵ بکەن.