وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لەهەمبەر وەرگرتنی زانیاریی لە سەر” ئیبراهیم ئەحمەد مەحموود ئەلقوسی” یەکێک لە ڕێبەرانی ئەلقاعیدە ٤ میلیۆن دۆلاری وەکوو خەڵات دیاریکردوە.
دامەزراوەی ” خەڵات بۆ دادپەروەری” سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ١١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، داوای زانیاریی لە سەر ئەو تێرۆریستەی کردووە و نووسیوویە” ئەم تێرۆریستە پاش هاتنەدەری لە وڵاتی سوودان بە هاوکاریی ڕێبەرانی ئەلقاعیدە لە ئێران خەریکی ئاژاوەگێڕی و کاری تێرۆریستییە لە وڵاتی یەمەن.
لە درێژەی تویتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاتووە کە ئەو کەسە بە ناوەکانی” شێخ حەبیب سوودانی و محەممەد سەلاح ئەحمەد”یش ناسراوە و لە چەندین گرتە ڤیدیۆدا پشتیوانیی لە هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کردووە.
ئەلقووسی، یەکێک لە ڕێبەرانی دیاری گرووپی ئەلقاعیدەیە و لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی ئەلقاعیدە لە ئێراندا لە پێوەندیدایە و چالاکییە تێرۆریستییەکان لە یەمەن بەڕێوەدەبا.