دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی “حاجییە سیاپوور” دایکی شەهید محەممەد ڕەحیمی، لە شاری سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ١١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە “حاجییە سیاپوور” دایکی شەهید محەممەد ڕەحیمی، شەهیدی ڕێگەی ئازادی کورد و کوردستان، بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری سنە بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ڕێبوارانی ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی و هەموو کەسوکاری کرد.
دایە حاجیە یەکێک لەو دایکە دڵسۆزانە بوو کە کوڕێکی پێشمەرگەی پێشکەش بە بارەگای ئازادی وڵاتەکەی کرد و تا دوایین هەناسە وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدانی حیزبی دێموکرات و هەموو شەهیدانی کوردستان مایەوە. شەهید “محەممەد ڕەحیمی” جێگر لکی یەکێک لە لکەکانی هێزی “شەریفزادە” بوو کە ساڵی ٦٣ی هەتاوی، لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ تێرۆریستانی سپای داگیرکەری کۆماری ئیسلامی شەهید بوو و گیانی پاکی پێشکەش ڕێبازی دێموکرات کرد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی دایە حاجییە و هەموو کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.