وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ڕاپۆڕتێکدا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران منداڵان وەکوو ئامرازێک لە شەڕدا بە کار دێنێت و هیچ بایەخێک بۆ ژیان و گیانی منداڵان دانانێ.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاوکرایەوە سەبارەت بە قاچاخی منداڵ هۆشداری داوە کە ئەو ١٧ وڵاتەی بەرانبەر بە قاچاخی منداڵ هیچ هەڵوێست و کاردانەوەیەکیان نییە، تەحریمی نوێیان لەسەر دابنێ کە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە.
ئەم ڕاپۆرتە هەوڵەکانی ١٨٨ وڵاتی دنیای سەبارەت بەم بابەتە باس کردووە و دەڵێت کە وڵاتانی ئاستی یەکی جیهان هەموو ئەم ڕێکار و پڕەنسیپانەیان پاراستووە کە ڕیز لە بوونی مرۆڤ دەگرێ و لە خوارەوەی ڕیزبەندییەکە وڵاتانێک وەکوو ئێران، وێنێزۆئێلا و کۆریای باکوور دەبیندرێت کە بۆ چارەسەریی ئەم کێشە هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەهێناوە.
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران منداڵانی وەکوو سەرباز لە یەمەن، عێراق و سووریە بە کار هێناوە و زۆربەیانی بە زۆر بۆ ئەم وڵاتانە ڕاکێشاوە.
خاڵی ڕەشی ئەم بابەتە ئەوەیە کە ئێران قوربانیانی قاچاخ وەکوو تاوانبار دەناسێت و تەنانەت سزاشیان دەدا.
ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بەو ڕاپۆرتە دەڵێ: ئەم جینایەتانە بێڕێزی بە مافی مرۆڤ و شکاندنی کەرامەتی مرۆڤەکانە.