بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکایی هێرشە ئاسمانییەکانی یەکشەممەی ڕابردوو لەلایەن ئەمریکاوە بۆ شوێنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە خاکی عێراق و سووریە، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە چیتر دەوڵەتی بایدێن بەرامبەر بە هێرشەکانی ئەم گرووپانە بێدەنگ ڕاناوەستێ.
ئەم بەرپرسانە کە ناویان نەهێنراوە، پێنجشەممە ١٠ی پووشپەڕ بە ڕۆژنامەی “واشینگتۆن پۆست”یان ڕاگەیاندووە، بڕیاری جۆ بایدێن بۆ هێرشی ئاسمانی بە سەر شوێنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سووریە، نیشانیدا کە ئەمریکا بەبێ لە بەرچاوگرتنی کوژران و برینداربوونی هێزە سەربازییەکانی خۆی، بڕیاری داوە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر سەرباز و شوێنە جۆراوجۆرەکانی خۆی، بێوڵام نەهێڵێتەوە و ئەو پەیامەی کە دەوڵەتی ئەمریکا لە کاناڵی دیپلۆماسییەوە ڕەوانەی ئێرانی کردووە ئەوەیە کە ” ئەگەر هێرش بکەنە سەرمان، بێوڵام نامێنێتەوە”
واشینگتۆن پۆست لە درێژەدا باس لەوە دەکات کە هەڵسوکەوت و بڕیارەکانی دەوڵەتی بایدێن ئەگەری شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران زیاتر دەکات، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکایی دەڵێن کە بە هەڵبژاردنی ئامانجە تایبەتەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە و هەروەها ناردنی نامە و پەیام لە ڕێگای کاناڵە دیپلۆماتییەکانەوە ئەم مەترسییە کەم دەکەنەوە و وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاندووە کە لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە بە ئێرانمان ڕاگەیاندووە کە پشتیوانی ئەوان لە میلیشیاکانی عێراق دەتوانێت چ مەترسییەک بۆ سەر ناوچەکە ساز بکات.
هێرشەکانی یەکشەممەی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە میلیشیاکانی “کەتائێبی حێزبوڵا” و “کەتائێبی سەیدولشوهەدا” ناڕەزایەتی حکومەتی عێراقی لێکەوتەوە بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەم کارە پێویست بووە و دەبێت وەکوو مافێکی بەرگری لە خۆ و هەنگاوێکی پێشگیرانە چاوی لێ بکرێت.