بێهزاد دانیل فێردۆوس، مێهرزاد مانوئێل فێردۆوس و محەممەد ڕەزا دێزفولیان، لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا هاتنەدەرەوە.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ١١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە سێ کەسی ئێرانی بە ناوەکانی” بێهزاد دانیێل فێردۆوس، مێهرزاد مانوئێل فێردۆوس و محەممەد ڕەزا دێزفولیان” کە لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادا بوون، بەپێی بڕیاری وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە لێستی گەمارۆکان هاتونەتەدەرەوە.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، سەرەڕای ئەوەی کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە سیاسەتی گەمارۆکانی ئەمریکا بەدژی ئێران هیچ ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا نەهاتووە ڕایگەیاند کە لابردنی ئەو سێ کەسە لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادا هیچ پێوەندییەکی بە وتووێژە ناوکییەکانی “ڤییەن”ەوە نییە.
پێویستە بگوترێ کە مانگی ڕابردوو مەحموود واعێزی، بەرپرسی دەفتەری سەرۆککۆماری ئێران وتبووی کە ئەمریکا قەبووڵی کردووە کە هەموو گەمارۆکانی سەر پیشەی نەوت و کەشتیڕانی لاببا، بەڵام لەلایەکی دیکەوە وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا قسەکانی بەرپرسانی ئیرانی نە درۆ خستەوە و ڕایگەیاند کە تا ئێستاش لەسەر نەمانی گەمارۆکان بەدژی بەرپرسان و کۆمپانیاکانی ئێران نەگەیشتووین بە هیچ ڕێککەوتنێک.