عەلی خامنەیی بە بڕیارێکی ڕاستەوخۆ ” غوڵامحوسێن موحسێنیی ئێژەیی” کە بە تۆمەتی پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لە لیستی گەمارۆ نێونەتەوەییەکاندایە، وەکوو بەرپرسی نوێی دەزگایی قەزایی ئێران دیاری کرد.
عەلی خامنەیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی بە بڕیارێکی ڕاستەوخۆ “مۆحسێنیی ئێژەیی” وەکوو بەرپرسی دەزگای قەزایی ئێران دیاری کرد و وتی: “ناوبراو بەهۆی ڕابردووی زێڕین، شارەزایی لە بواری قەزایی و لێهاتوویی لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیدا وەکوو بەرپرسی نوێی دەزگای قەزایی ئێران دیاریکراوە.”
غوڵامحوسێن موحسێنیی ئێژەیی، بەهۆی فتوای کوشتنی ڕووناکبیران وکەسایەتییە سیاسییەکانی ئێران ناسراو بە ” قەتڵە زەنجیرەییەکان” و دەور ونەخشی لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لە ساڵەکانی ٧٠ی هەتاویدا، تۆمەتبارە و لە بڕیارنامەی یەکیەتیی ئورووپا کە لە ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٠ی هەتاوی دەرچووە، لەگەڵ ٣٢ بەرپرسی دیکەی ئێران بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ گەمارۆی خراوەتە سەر و بەپێی ڕێککەوتنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتیی ئورووپا، پێدانی ڤیزا بەو ٣٢ کەسە قەدەغەیە و گەمارۆی دارایی خراوەتە سەریان.
یەکیەتی ئورووپا لە بەشێک لە بڕیارنامەکەیدا نووسیوویە کە بەهۆی دەور و نەخشی “موحسێنیی ئێژەیی” لە بەندکرانی ڕێبەرانی بزووتنەوەی سەوز لە ئێران، هەروەها دەسبەسەرکران و بڕیاری حوکمی سێدارەی ڕۆژنامەنووسان و جیابیرانی ئێرانی کە لە گرینگترین خاڵەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران دایە، ناوبراو گەمارۆی دەخرێتەسەر.
لەلایەکی دیکەوە دەوڵەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٠ی زایینی، ئێژەیی و ٧ کەسی دیکە لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی پێشێلکردنی ماف مڕۆڤ لە ئێران و بە تایبەتی دەور و نەخشیان لە کوشتن و دەسبەسەرکردنی خەڵکی ناڕازیی بە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ساڵی٨٨ی هەتاوی لەئێراندا خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
جێگای ئاماژەیە کە بە هەڵبژاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو سەروککۆمار و غوڵامحوسێن موحسێنیی ئێژەیی وەکوو بەرپرسی دەزگای قەزایی ئێران و بە سەرەنجدان بە ڕابردووی ئەو کەسانە لە دەزگای قەزایی و ئیتلاعاتی ئێراندا و هەروەها دەور و نەخشیان لە سەرکوت و ئەشکەنجەی خەڵکی ناڕازیی لە ئێراندا، دەبێ چاوەڕوانی ڕۆژانێکی پڕ لە ئەشکەنجە و سەرکوت لە داهاتووی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێراندا بکەین.