سەرۆککۆماری ئاڵمان دەڵێ: ئامانجی هاوبەشی ئاڵمان و ئیسرائیل پێشگرتنە لە ڕێژیمی ئێران بۆ دەسپێڕاگەیشتنی ئەو ڕێژیمە بە چەکی ناوکیی.
ئێشتاین مایێر، سەرۆککۆماری ئاڵمان، ڕۆژی هەینی ١١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە سەردانێکی بۆ وڵاتی ئیسرائیل و چاوپێکەوتن لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی “ڕوون ڕیولین”، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرەڕای ئاماژە بەوەی کە وڵاتی ئاڵمان سوورە لەسەر ئەوەی کە نابێ ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی وتی: پێشگرتن لە ڕێژیمی ئێران بۆ دەسپێڕاگەیشتنی ئەو ڕێژیمە بە چەکی ناوکیی، ئامانجی هاوبەشی ئاڵمان و ئیسرائیلە و بە هاوکاری یەکتر پێش لە بەرنامە ناوکییەکانی ئەو وڵاتە دەگرین.
سەرۆککۆماری ئاڵمان لە درێژەدا بە ئاماژە بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران بە دژی سەقامگیری لە ناوچەکەدا وتی: دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی سووریە، لوبنان و عێراق و هەروەها هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل مەحکووم دەکەین و پشتیوانی وڵاتی ئاڵمان لە دەوڵەتی ئیسرائیل ڕادەگەیێنین.