مەسعوود مەردانی، ئەندامی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا: هیچکام لە واکسێنە ئێرانییەکان لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە تەئید نەکراون.
مەسعوود مەردانی، ئەندامی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ئاشکرای کرد کە هیچکام لە واکسینە ئێرانییەکان لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە تەئید نەکراون و لەو بارەشەوە هیچ هەنگاوێک نەندراوە، تەنیا واکسێنی “ئێران بەرەکەت” لە ماڵپەڕی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیدا ناونووسی کراوە کە تەنیا هەر ناونووسیکردن بووە و هیچیتر و تا ئێستا هیچ هەوڵێک بۆ تەئیدکردنی نەدراوە.
ناوبراو لە درێژەدا ڕەخنەی لە شێوەی ناونووسی بەساڵاچووان بۆ وەرگرتنی واکسێنی کۆرۆنا گرت کە دەبێ بە چەندین کاتژمێر لە ڕیزە دوور و درێژەکاندا بمێننەوە کە بە ڕای من بەشێکی زۆر لەو نەخۆشە بەساڵاچووانە لەو ڕیزانەدا تووشی کۆرۆنا دەبن.
مەردانی هەروەها وتی: من خۆم ئەندامی ئەم ناوەندەم، بەڵام لە وەزارەتی تەندروستی هیچ بەرپرسیایەتییەکم نییە، واکسێنەکردنی کۆرۆنا لە تەواوی دنیادا لە ڕێگەی سیستمی کامپیوتێری بەڕێوە دەچێ و خەڵک بۆ ناونووسی، ناچار نابن بە چەندین کاتژمێر لە ڕیزەکاندا ڕاوەستن و زۆربەی وڵاتان واکسێنەکردنی خەڵکەکەیان تەواو بووە و لە ئەمریکاش زیاتر لە سەتا ٧٠ی خەڵک واکسێنە کراون .
جێی ئاماژەیە کە لە سەرەتای بڵاو بوونەوە و پەرەسەندنی کۆرۆنا زیاتر لە ٨٤ هەزار کەس لە ئێران، بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٣٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٣ شاری ئێران لە دۆخی سوور دان.