سەرەڕای ناڕەزایەتیی ژینگەپارێزان و چالاکانی مەدەنیی کورد بە بۆنەی بەستنی بەنداوی داریان حکوومەتی ئێران لە ناوچەی هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی بە دروستکردنی بەنداوی بڵبەر کرد.
لە ماوهی چهند ڕۆژی ڕابردوودا کەرەستە و ئامیری پەیوەندیدار بە دروستکردنی بەنداو گەیشتوونەتە گوندی بڵبەر و کەمپی نیشتەجێبوون بۆ کرێکارەکانی ئەو بەنداوە ساز کراون.
ئێستا پڕۆژهی دروستکردنی بەنداوی بڵبەر چووەتە بواری جێبەجێ کردنە.
ئەو بەنداوە لەسەر ڕووباری سیروان و بە درێژایی کەمتر لە ٧ کیلۆمەتر لەسەرووی بەنداوی داریانەوە کە لە ناوچوونی “کانی بڵ”ی بەدواوە بوو، دروست دەکرێ.
بەنداوی بڵبەر پاش بەنداوەکانی “ژاوە، بنیەر و داریان” وەک چوارەمین بەنداوی ڕووباری سیروان هەژمارە دەکرێ کە خەسارێکی قەرەبوونەکراوی بۆ ناوچە و ژینگەی هەورامان بەدواوە دێ.
چالاکێکی ژینگەپارێزی دهڵێ بە دروستکردنی بەنداوی بڵبەر، تاقە شوێنی ژیانی پڵنگی کوردستانیش لەناو دەچێ و لانیکەم سێ گوندی “ژیوار، بڵبەر و سڵێن” چۆڵ دەکرێن.
دهسپێکی دروستکردنی بەنداوی بڵبەر لە حاڵێکدایە کە لە ساڵی ڕابردوودا، ژینگەپارێزانی کوردستان و خەڵکی ناوچەکەش بە پێکهێنانی کەمپەینی “نا بۆ دروستکردنی بەنداوی بڵبەر” بە توندی لە هەمبەر ئەو کارەی حکوومەت ناڕەزایەتییان دەربڕی و لە کردەوەیەکی سەرنجڕاکێشدا، خاک و خۆڵیان لەناو سەتڵ بەسەرخۆیاندا کرد.
شایانی باسه ؛ه له ماوهی چهند ساڵی ڕابردوودا لەلایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، بە شێوازی جۆراوجۆر ژینگە و دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان تێک دراون.