نوێنەری ئەمریکا لە شۆڕای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرەڕای تۆمەتبارکردنی ئێران بە پێشیلکردنی خاڵەکانی بڕیارنامەی ٢٢٣١ وتی: ئێران هەنگاوەکانی بۆ پەرەپیدان بە بەرنامەی مووشەکیی بالستیک خێراتر کردۆتەوە.
جێفری دۆ لۆرانتێس، نوێنەری ئەمریکا لە شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە دانیشتنی شۆرای ئەمنییەتدا سەربارەت بە ڕێککەوتنی ناوکیی و پێشێلکارییەکانی ئێران لەو ڕێکەوتنە وتی: ئێران بەردەوامە لە پێشێلکردنی خاڵەکانی بڕیارنامەی ٢٢٣١ و ئێمە و سێ وڵاتی ئورووپایی و ئیسرائیل نیگەرانی خۆمان لەهەمبەر چالاکیی و پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی بالستیک ڕاگەیاندووە و هاوڕاین و دەبێ پێش بە ئێران بگیردرێ.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: هەنگاوە خێراکانی ئێران بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆمی ڕێگە پێنەدراو خێراتر بوەتەوە و هەموو خالەکانی ئەو بڕیارنامەیەی پێشێلکردووە.
لەلایەکی دیکەوە مەجید تەخت ڕەوانچی، نوێنەری ئیران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، قسەکانی نوێنەری ئەمریکای بە دڵساردکەرەوە ناوبرد و وتی: ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە بەردەوام هێرش دەکەنە سەرمان و تۆمەتبارمان دەکەن بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ناوکیی، ئەمریکا بۆ خۆی لەو ڕێککەوتنە چوەتە دەرەوە و بەردەوام ئێمە تۆمەتبار دەکا.
لۆرانتێس هەروەها لەم دانیشتنەی شۆرای ئاسایشدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا بەڵێنی داوە هیچکات ئیزن نادا ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی و لەسەر ئەو باوەڕەین کە بە دیپڵۆماسی و کاری هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان پێش لە ئامانجەکانی ئێران بۆ گەیشتن بە چەکی کۆمەڵکوژ دەگرین.