نەفتالی بێنێت دەڵێ: ئێمە لەهەمبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئیسرائیل دەستەوەستان نابین و وڵامی خێرای دەدەینەوە.
نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا بە ئاماژە بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران وتی: وڵاتی ئیسرائیل لەهەمبەر هەڕەشەی وڵاتانی دیکە بەرگریی لە خۆی دەکا و بۆ پاراستنی ئەمنییەتی خۆمان بە ئەوپەڕی هێز و توانامانەوە و بە پێشکەوتووترین چەکی سەردەم وڵامی هەمووجۆرە هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەمان دەدەینەوە.
هەرلەم پێوەندییەدا و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا” ئەلیکساندێر بن تێسفی” باڵوێزی ئیسرائیل لە مسکۆ وتبووی کە ئێران هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئیسرائیل و بە هاتنەسەرکاری سەرۆککۆمارێکی توندئاژۆ و خوێنمژ وەکوو ئیبراهیم ڕەئیسی کێشە وئاژاوەکان لە ناوچەکەدا زیاتر دەبێ.
بن تێسفی لە درێژەدا بەجەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا هەڕەشەن بۆ سنوورەکانی ئیسرائیل وتی: هەرکات هەست بکەین لەلایەن سپای ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمەوە هێرش دەکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل، بە توندترین شێوەی سەربازیی وڵامی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەدەینەوە.
نەفتالی بێنێت، پێشتریش بە هەڵبژاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆماری ئێران وتبووی کە هەڵبژاردنی مرۆڤ کوژێک لەلایەن خامنەییەوە وەکوو سەرۆککۆمار مەترسییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی جیهان.