بەرپرسانی هەرێمی “فەراهە”ی ئەفغانستان ڕایانگەیاند کە گرووپی تاڵیبان هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر شارێک و داگیریان کردووە.
بەپێی سەرچاوە هەرێمییەکانی ئەفغانستان، زۆربەی ناوچەکانی شاری فەراهە لەو وڵاتە کەوتۆتە ژێر دەستی گرووپی تاڵیبان و لە ناوەندی شارەکەش شەڕێکی سەخت بەردەوامە و باس لەوەش کراوە کە فرۆکە شەڕکەرەکانی ئەرتەشی ئەفغانستان بۆردوومانی بنکە و ناوەندە سەربازییەکانی گرووپی تاڵیبان دەکەن، هەر لەو بارەیەوە تاڵیبان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووتەوە و تێیدا داوایان لە دانیشتوانی شارەکە کردووە کە لە ماڵەکانی خۆیاندا بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە.
لە هەرێمی “فەراهە” کە بەرهەمێکی زۆری حەشیشی لێ دەچێندرێت، لە چەند ساڵی ڕابردووشدا شەڕی قورس لەنێوان تاڵیبان و ئەرتەشی ئەفغانستان ڕوویداوە و لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینییەوە، ئەمە سێهەمینجارە کە گرووپی تاڵیبان هەوڵ دەدات ئەو شارە کە پێیتەختی هەرێمەکەیە، بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.
جێی ئاماژەیە کە ماوەیەک پێش ئەو گرووپە ڕایگەیاندبوو کە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی وەرزی بەهاری کردووە و لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا هێرشەکانیان دژ بە هێزەکانی ئاسایشی ئەو وڵاتە چڕتر کردووەتەوە.