کوردێکی خەڵکی خوراسان کە مانگی ڕابردوو لەلایەن ناوەندەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەرکرابوو، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد گوازرایەوە.
بەپێی هەواڵی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، “محەممەد نیروومەند” چالاکێکی فەرهەنگیی کوردی خوراسان دوای یەک مانگ دەسبەسەرکرانی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەشهەد بۆ بەندیخانەی وەکیل ئابادی ئەو شارە گوازرایەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، “محەممەد نیروومەند” خەڵکی گوندی پلگەرد، سەر بە ناوچەی هەزار مەسجدی شاری کەلاتی نادری لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوییە کە لە بواری زمان، فەرهەنگ و هونەری کوردیی چالاکی دەکا و دانیشتووی مەشهەد و سەرقاڵی کرێکاری بووە.
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردان، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەشهەدەوە دەسبەسەر و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و دیتنی بنەماڵەکەی بێبەش بووە.