ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل زانیاریی نوێی سەبارەت بە پشتیوانی ماڵیی سپای پاسدارانی ڕیژیمی ئێرانی بە کۆشکی سپی دا.
ڕۆژنامەی “تایمزی ئیسرائیل” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە چاوپێکەوتنی سەرۆککۆماری ئیسرائیل لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەمریکا، زانیاریی وردی سەبارەت بە پشتیوانیی ماڵیی ئەم دواییانەی سپای پاسدارانی ڕیژیمی ئێرانی لە قەتەر بە ئەمریکا داوە و ئەوەش نیگەرانیی لەلای ئەمریکا دروست کردووە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کە ڕۆژی سێشەممە ٨ی پووشپەڕ بڵاو بۆتەوە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرا ببێ ڕایگەیاند سەرۆککۆماری ئیسرائیل بە “جۆ بایدێن”ی ڕاگەیاندووە: نیگەرانیی ئێمە لەوەدایە کە لەگەڵ گەڕانەوە بۆ بەرجام، ڕەنگە ئەمریکا بتوانێ بۆ ماوەی چەند ساڵ پێش بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکیی بگرێ بەڵام لەگەڵ تەواوبوونی مۆڵەتی ڕێککەوتننامەکە ئێران زوو دەست بە چالاکییە ناوکییەکانی بکاتەوە و بە سەدان میلیۆن دۆلار سەرچاوەی ماڵیی کە لە لابردنی گەمارۆکان دەگرێتەوە و دەکەوێتە دەستی ڕێژیمی ئێرانەوە و ئەویش خەرجی پەرەپێدان بە تیرۆریستی دەکا.
بەرپرسانی کۆشکی سپی لەدانیشتنێکی داخراودا، ڕۆژی دووشەممە، داوایان لە ئیسرائیل کرد کە گەڵاڵەیەکی نوێ بۆ جێگرەوەی بەرجام دابنێن گەڵالەیەک کە بتوانێ پێش دەستپێڕاگەیشتن بە چالاکییە ناوکییەکانی ئێران بگرێ.
جێی ئاماژەیە کە جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا سوورە لە سەر ئەوەی کە ڕێگە نەدا کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.