لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکاندا، ڕۆژی ڕابردوو ١٤ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو و مانگرتنە کرێکارییەکانی پیشەی نەوت و گاز و پێترۆشیمی لە ئێراندا بەربڵاوتر بوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی سێشەممە ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ئێران ١٤ کۆبوونەەی ناڕەزایەتیی بەڕێوە چوو و مانگرتنە گشتییەکانی کرێکارانی پیشەی نەوت و گاز و پێترۆشیمی لە ئێراندا بەردەوام ڕوو لە پەرەسەندنە.
لە درێژەی مانگرتنە گشتییە کرێکارییەکاندا کرێکارانی گرێبەستیی پاڵاوگەکان، پیشەی پێترۆشیمی و وێستگەکان، کرێکارانی کۆمپانیای ئارتا وزەی ئەردەبێڵ، کرێکارانی کارگەی دامەزراندنی وزەی ئەندیمشک، کرێکارانی پاڵاوگەی لامرد و کرێکارانی پیشەی پێترۆشیمی لوردگان دەستیان دایە مانگرتن و پەیوەستبوون بە کەمپەینی “١٤٠٠”وە.
هاوکات ناڕەزایەتیی مامۆستایانی زانکۆی ئازاد لە بەردەم بینای مەجلیسی شۆرای ئیسلامی تاران، پشکدارانی زەرەرمەندی کۆمپانیای کاوە لە بەردەم بینای ئەو کۆمپانیایە لە تاران، کۆمەڵێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی مەشهەد لە بەردەم بینای پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە، کۆمەڵێک لە دوکتورانی شارەزا لە بواری پێست لە شارەکانی تاران، ئەهواز و ڕەشت لە بەردەم بینای زانکۆی پزیشکی شارەکانیان، مامۆستایانی قوتابخانەکانی تاران لە بەردەم بینای شۆرای ئیسلامی شاری تاران، کۆمەڵیک لە دوکتورانی پسپۆڕ و شارەزا لە شارەکانی کرمان، هەمەدان، کرماشان، ئیسفەهان، شیراز و تاران لە بەردەم بینای زانکۆی پزیشکی شارەکانیان بەڕێوە چوو و هەروەها گرووپێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی شاری تاران شەوی ڕابردوو لە بەردەم بینای وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی شاری تاران ماونەتەوە و بڕیار وایە ئەمڕۆ درێژە بە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانیان بدەن.