نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوە لە دەور و نەخشی ئیبراهیم ڕەئیسی لە ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧ی هەتاوی لە ئێراندا دەکا.
جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێوەندیی لەگەڵ مافی مڕۆڤ لە ئێراندا، ڕۆژی سێشەممە ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ڕۆیتێرز وتی: داوای لێکۆڵینەوەی ڕاستەوخۆ لەهەمبەر ئیعدامکردنی هەزاران بەندکراوی سیاسی لە ساڵی ٦٧ی هەتاوی لە بەندیخانەکانی ئێران و دەور و نەخشی “ئیبراهیم ڕەئیسی” لەو ئیعدام گەلەم کردوە.
جاوید ڕەحمان لە درێژەی وتووێژەکەیدا وتی: من لەسەر ئەو باوەڕەم کە کاتی ئەوە هاتووە لێکۆڵینەوە لە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران لەهەمبەر دەور و نەخشی ناوبراو لە ئیعدامی هەزاران بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێراندا بکرێ.
ناوبراو هەروەها وتی: لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەفتەری چاوەدێری مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران، بەڵگەگەلێکی لەم پێوەندییەدا کۆ کردۆتەوە و کەسانێک هەن کە ئامادەن شاهیدی ئەو ئیعدام و جینایەتانە بدەن و ئەگەر شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بیانهەوێت بێ لایانانە لێکۆڵینەوە و بڕیار لە سەر ئەو جینایەتانە بدەن ئەو من ئامادەم بەڵگەکان بدەم بەو ڕێکخراوەیە بۆ لێکۆڵینەوە.