وەزیری پێشووی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران: دەزگای هەواڵگری و سیخوڕیی مووساد بە شێوەیەکی بەربڵاو دزەیان کردۆتە نێو دامودەزگاکانی ئێرانەوە.
عەلی یوونسی، وەزیری پێشووی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی”جەماران” سەرەڕای جەختکردنەوە لە سەر ئەوەیکە دەزگای هەواڵگری و سیخوڕیی “مووساد “ی ئیسرائیل بەهۆی بەکەمزانینیان لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە بە شێوەیەکی بەربڵاو دزەیان کردۆتە نێو دامودەزگا هەستیارەکانی ئێرانەوە وتی: گیانی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لە مەترسیدایە و دەبێ زۆر وشیار بن.
وەزیری پێشووی وەزارەتی ئیتلاعاتی دەوڵەتی خاتەمی بە ڕەخنەگرتنی توند لە ڕێکخراوە ئەمنییەتییەکانی ئێران وتی: لە کاتێکدا کە ئەرکی سەرەکیی ڕێکخراوە ئەمنییەتییەکان پێشگرتن و پووچەڵ کردنەوەی پیلانەکانی دوژمنانی ئێرانە بەداخەوە ئەو ئەرکە سەرەکییەیان بەجێهێشتووە و خەریکی سەرکوتی خەڵکی ناڕازین لە ئێراندا.
عەلی یوونسی لە درێژەدا وتی: ئەو کەلێن و بۆشایە کە ڕێکخراوە ئەمنییەتییەکان لە ئێراندا درووستیان کردوە دەرفەت بۆ ڕێکخراوە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل دروست دەکا و بە شێوەیەکی بەربڵاو دزە دەکەنە نێو دامودەزگا هەستیارەکانی ئێرانەوە و گیانی بەرپرسانی باڵای وڵات دەخەنە مەترسییەوە.
ناوبراو لە دڕێژەدا وتی: هیوادارم بەرپرسانی دەزگای ئەمنییەتیی وڵات بە جێگای سەرکوتی خەڵکی ئێران چارەسەرێک بۆ دزەکردنی دەزگای سیخوڕی و هەواڵگریی ئیسرائیل بدۆزنەوە کە رۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ و گیانی بەرپرسانی وڵات دەخاتە مەترسیەوە.