مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی ترامپ، سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا، بە “جێروزالم پۆست”ی وتووە: بە وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی تەنیا لە ماوەی چەند مانگدا توانی خۆی لە دەست بەربەستەکانی ڕێکەوتنی ناوکیی ناسراو بە “بەرجام”دەرباز بکا، لەگەڵ مێشکی مرۆڤی وشیاردا ناگونجێ کە دەوڵەتی بایدێن بۆ بوژانەوەی بەرجام هەوڵ بدا.
پۆمپێئۆ وتی: “ئێران هەر لە سەرتاوە بەو بەڵێنانەی کە سەبارەت بە دام و دەزگا شاراوەکانی پیتاندنی ئۆرانیۆمی خۆی دابووی پێبەند نەبووە. بەڵگەنامە نهێنییەکانی ناوکیی ئێران کە رێکخراوی هەواڵگری مووساد، بڵاوی کردۆتەوە بە ڕاشکاوی نیشان دەدات کە ئێران هەر لە سەرەتاوە لە بواری نیزامی پڕۆگرامی ناوکیی خۆی درۆی کردووە”.
پۆمپێئۆ جەختی لەسەر ئەوە کردووە کە ئێران هیچکات لە هەوڵەکانی خۆی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکیی دەستی نەکێشاوەتەوە و وتی بە پێچەوانەی لێدوانەکانی باراک ئۆباما،سەرۆک کۆماری پێشووتری ئەمریکا، کە دەیگوت: “دێوەزمەی ناوکیی ئێرانمان لە شووشە کردووە”، بەرنامەی “ئاماد”ی سپای پاسداران بۆ دروستکردنی چەکی ناوکیی بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو زیاتری کردووە.
وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا هۆشداریدا کە حکوومەتی ئێران لە تەواوی ئامرازەکانی بەر دەستی خۆی کەڵکی وەرگرتووە تا ساتی تاقیکردنەوەی بەرنامەی ناوکیی خۆی تەنانەت ئەگەر بکرێت بۆ چرکەیەک زووتر بخاتە پێشەوە کە ئەمە زۆر سامناکە، هەر بۆیە مێشکی وشیار دەڵێ کە ئێمە نابێ بە ملیارد دۆلار پارە بخەینە بەر دەستی ئەوان کە بۆ پەرەدان بە بەرنامەی ناوکیی خۆیان کەڵکی لێ وەرگرن.
لەدرێژەی وتووێژەکەدا پۆمپێئۆ سەبارەت بە گرینگی لە ناوبردنی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، لە دەورەی دەوڵەتی ترامپیشدا شرۆڤە و لێدوانی کرد. پۆمپێئۆ لەم بارەوە وتی: سلێمانی لەو کاتەدا بە شێوەی ئاشکرا سەرقاڵی بەرنامە داڕشتن و فەرماندەیی هێزەکانی سپای قودس و گرووپە تێرۆریستییەکان بۆ کوشتنی هێزە ئەمریکاییەکان لە عێراقدا بوو. ئەو گەڵاڵەی کە سولەیمانی لە کاتی هاتنەوە لە بەیرووت و دەمێشق بۆ بەغدا دایڕشتبوو، ئەگەر بە ئاکام گەیشتبا، خەڵکێکی زۆری ئەمریکایی دەبوون بە قوربانی سیاسەتە گڵاوەکانی کۆماری ئیسلامی.