ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: گرووپی خەلافەتی ئیسلامی (داعش)، ئێستاش هەڕەشەیەکی جیهانییە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی ٤٠ وڵات بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ گرووپی خەلافەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش)، ڕایگەیاند کە توندئاژۆیانی سەر بەو گرووپە تا ئێستاش هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر ئەمنییەتی جیهان.
دانیشتنەکە لەژێر ناوی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بۆ لە نێوبردنی داعش، و بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی نیوەی وڵاتانی ئەندام لەو هاوپەیمانییە بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ئیتالیا دەستی بە کارەکانی کرد کە لەو دانیشتنەدا “ینێس ئێستۆلتنبرێگ”، سکرتێری گشتیی “ناتۆ” و بەشێک لە بەڕێوەبەرانی ناوەندە نێونەتەوەییەکان بەشدار بوون.
ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دانیشتنی ڕۆم،دا، باسی لە پێشکەوتنی بەرچاو لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گرووپی داعش کرد و وتی: ئێستا لەو پێوەندییەدا زۆر کار ماون کە دەبێ ئەنجام بدرێ و ناوبراو ئاماژەی بە شکستی داعش لە شوێنی دەسەڵاتداریی خۆی لە عێراق و سووریە کرد و هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە هێرشی ئەو گرووپە لە چەند مانگی ڕابردوودا نیشاندەری ئەوەیە کە هەر وا هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر جیهان.
بلینکێن وتی: هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی کە ٧ ساڵە پێکهاتووە، ساڵی ڕابردوو ٥٠٧ میلیۆن دۆلاری بودجەی بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ داعش تەرخان کردووە و هەوڵ دەدەین ئەمساڵیش ٦٧٠ میلیۆن دۆلار بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو گرووپە توندئاژۆیە تەرخان بکەین.
جێی ئاماژەیە کە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی جیهانی بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ داعش لە بەیاننامەی کۆتایی ئەو دانیشتنەدا جەختیان لەسەر هاوکاری و مانەوەی خۆیان بۆ لە نێوبردنی داعش کردەوە.