بەرپرسێکی سەربازیی یەمەن، هەواڵی کوژرانی دوو کارناسی سەربازیی ئێرانی و فەرماندەیەکی میلیشیا حووسییەکانی لە بەرەکانی شەڕ لە جبهەی”خەنجەر” لە پارێزگای” جووف” پشتڕاستکردەوە.
ڕەبیع ئەلقەرشی، وتەبێژی ئەرتەشی یەمەن لە ناوچەی شەشەمی سەربازیی، ڕۆژی سێشەممە ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسی: ئەو دوو کارناسە سەربازییەی ئێران هاوڕێ لەگەڵ” ئەبوو هاشم ئەلقابووسی” فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی عەبدولمەلێک حووسی، ڕێبەری میلیشیا حووسییەکانی یەمەن، کە بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتی سەربازیی و چۆنیەتیی شەڕ لە بەرەکانی شەڕ ڕۆیشتبوونە جبهەی خەنجەر هەڵکەوتوو لە پارێزگای جووف، لە هێرشێکی دەوڵەتی یاسایی یەمەندا بۆ سەر میلیشیا حووسییەکان کوژران.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ناوی یەکێک لەو کارناسە سەربازییە ئێرانییە” ئێدریس ئەسغەر” و ئەندامی سپای قودسی ڕێژیمی ئێرانە و دووهەمین کەسیش ناوی” ڕەهنا بەهرام” ئەندامی تیپی ١٥ی حەمزەی سپای قودسی ئێرانە.