عەلی خامنەیی پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی لە ئێراندا وتبووی دەنگی سپی حەرامە، بەڵام ئێستا دەڵێ: دەنگی سپیش بە نیشانەی پشتیوانیکردن لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
عەلی خامنەیی، ڕۆژی دووشەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرپرسانی دەزگای قەزایی، دەنگە پووچەڵەکان ” سپییەکان”ی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا لە چوارچێوەی پشتیوانیکردنی خەڵک لە رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوبرد و وتی: دەنگی سپی بە مانای دژایەتیی خەڵک لەگەڵ ڕێژیمدا نییە، بەڵکوو بە پێچەوانە ئەو کەسەی کە دەچێتە پای سندووقەکانی دەنگدان تەنانەت ئەگەر دەنگی سپیش بدا بەو مانایەیە کە هۆگری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
ئەم قسانەی خامنەیی لە کاتێکدایە کە پێش لە هەڵبژاردنەکان و ترسی خامنەیی و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان، خامنەیی ڕووبە خەڵکی ئێران دەیگوت بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا پێویست و واجبە و دەنگدانی سپی حەرامە.
خامنەیی لە درێژەدا بە پشتیوانیکردن لە شۆرای نیگابان وتی: ئەندامانی ئەو شۆرایە کەسانێکی دیندارن و لە چوارچێوەی یاسای کۆماری ئیسلامیدا ئەرکەکانی خۆیان بە جێگەیاندووە.
جێگای ئاماژەیە بۆ یەکەمین جار لە تەمەنی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیدا و پاش بایکۆتکردنی بەربڵاوی هەڵبژاردنەکان، سەرەڕای ئەوەی کە بەپێی ئامارەکانی خودی ڕێژیم خەڵکێکی کەم بەشداریی شانۆی هەڵبژاردنیان کرد، دەنگی سپی و پووچەڵ پاش ئیبراهیم ڕەئیسی، دەنگی یەکەمی سندووقەکانی دەنگدان بووە.