عەبدولڕەحمان ساڵح ئەلسنان، بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی لێکۆڵینەوەی پۆلیسی بەحرەین دەڵێ: لە ماوەی ١٥ساڵی ڕابردوودا دەستمان بەسەر زیاترین ماددەی سڕکەر کە لە وڵاتی ئێرانەوە هەناردەکراوە گرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی بەحرەینی” ئەلوەتەن” ڕۆژی یەکشەممە ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ساڵح ئەلسنان، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە سڕکەرەکان لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا وتی: لە ساڵی ٢٠٠٧ی زایینییەوە تا ساڵی٢٠٢١ی زایینیی دەستمان بەسەر ٣هەزار و ٧٢ کیلۆ ماددەی سڕکەر لە جۆرەکانی” هێڕۆئین، تریاک و حەشیش” کە لە وڵاتی ئێرانەوە هەناردەی وڵاتی بەحرەین کراوە گرتووە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ٥٢کەس لەو باندی قاچاخە کە زۆربەیان خەڵکی ئێرانن لەم پێوەندییەدا دەسبەسەر کراون و زۆربەی بارەکان لە ڕێگای دەریاوە ڕەوانەی بەحرەین کراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی لێکۆڵینەوەی پۆلیسی بەحرەین لە کۆتاییدا وتی: هێزەکانی ئێمە بەردەوام هوشیار و ئامادەن و ئیزن نادەن کە ماددەی سڕکەر لە ئێرانەوە هەناردەی وڵاتەکەمان بکرێ.