پاش کەوتنەخوارەوی چەند ڕاکێت لە مەیدانی نەوتیی” ئەلعومەر” لە ناوچەی دێرەزوور، ئەرتەشی ئەمریکا لە هێرشێکی ئاسمانیدا بنکەکانی سپای پاسدارانی لە ناوچەی ئەلمەیادین بۆمباران کرد.
ڕاگەیاندنەکانی سووریە ڕۆژی دووشەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕایانگەیاند کە پاش هێرش بۆ سەر مەیدانی نەوتی”ئەلعومەر” لەلایەن میلێشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بنکە و مۆڵگەکانی سپای پاسداران و میلیشیاکانی سەر بەڕێژیمی ئێرانی لە ناوچەی ئەلمەیاین بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆمباران کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی ڕۆژاوای فۆرات لە بنکەکانی خۆیانەوە چەند کاتژمێر پاش هێرشی ئاسمانیی یەکەمی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکەکانی سپای پاسداران و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سنووری عێراق و سووریە هیرشیان کردۆتە سەر ناوچەی دێرەزوور.
ڕاگەیاندنەکانی سووریە هەروەها ڕایانگەیاندوە کە پاش هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر مۆڵگەکانی سپای پاسداران لە ناوچەی”ئەلمەیادین” سپای پاسداران و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەو ناوچەیە هەڵاتوون و لە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنیی خۆیان حەشارداوە.
هەرلەم پێوەندییەدا وتەبێژی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سووریە، هەواڵی هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە دێرەزوور پشتڕاستکردەوە و وتی: لەم هێرشەدا هیچ خەسارێکی ماڵی و گیانی بەر هێزەکانمان نەکەوتووە.