سەعید خەتیبزادە دەڵێ: تاران تا ئێستاش لەهەمبەر دڕێژکردنەوە یان کۆتاییهێنان بە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە بڕیاری کۆتایی نەداوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران” سەعید خەتیبزادە” ڕۆژی دووشەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە ئیزن بە لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی نادەن بۆ لێکۆڵینەوە لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران وتی: تائێستا هیچ بڕیارێکمان نەداوە کە گرتە ڤیدیۆییەکانی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران بدەین بە ڕێکخراوەی نێونەتەوەیی وزە، یان ماوەی ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەیە درێژ بکەینەوە.
هەرلەم پێوەندییەدا محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە لە دانیشتنێکی گشتیی مەجلیسدا وتی: پاش کۆتاییهاتنی کاتیی سێ مانگەی ڕێککەوتنی ئێران و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە لەهەمبەر ئیزنپێدانی لێکۆڵەرانی ئاژانس بۆ لێکۆڵینەوە لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران و نەگەیشتن بە هیچ ڕێککەوتنێک لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، ئێمە هیچ گرتە ڤیدیۆیەک نادەین بە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی.