جۆبایدێن، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە بڕیاری هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر سپای قودس ومیلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە سووریە وعێراق داوە وتی: وەکوو سەرۆککۆماری ئەمریکا دڵنیاتان دەکەمەوە هیچ کات ئیزن بە ئیران نادەم ببێتە خاوەن چەکی کۆمەڵکوژ.
جۆبایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی” ڕووین ڕیۆلین” لە واشینگتۆن وتی: ئەوەی کە لە ئیستادا من دەتوانم بە ئێوەی ڕابگەیێنم ئەوەیە کە ئیزن بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نادەین بە هیچ شێوەیەک دەستی بەچەکی ناوکیی ڕابگا.
ناوبراو لە درێژەدا و لەهەمبەر هێرشی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکە وبارەگاکانی سپای پاسداران و میلیشیاکانی سەر بەو رێژیمە لە سووریە و عێراق وتی: من بە تایبەتیی بڕیاری ئەو هێرشەم داوە و ئیزن بە ئێران و میلیشیاکانی نادەم کە هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا وهاوپەیمانان لە ناوچەکەدا.
لە درێژەدا سەرۆککۆماری ئیسرائیل”ڕیۆلین” بەئاماژە بەهاوکارییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا وتی: ئێمە هەردوو وڵات ئامانجی هاوبەشمان هەیە و ئەویش ئەوەیەکە پێش بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا بگرین وئیزن بەو وڵاتە دیکتاتۆر و خوێنمژە نەدەین کە ببێتە خاوەنی چەکی ناوکیی.