خەیروڵا حەقجوویان، چالاکی کوردی یارسانی لە شاری سەحنە دەسبەسەر کرا.
بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، چالاکێکی کوردی یارسان بە ناوی “خەیرۆڵا حەقجوویان” خەڵکی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان بانگهێشتی گرتنگەی ئەو شارە کرا و پاش لێپرسینەوە، ڕەوانەی بەندیخانەی دیزڵ ئابادی کرماشان کرا.
ناوبراو لە سەرەتای دەسبەسەرکردنی سەبارەت بەم بڕیارە نادادپەروەرانە ڕایگەیاند، مان لە خواردن دەگرێت و بەم شێوەیە ناڕەزایەتیی خۆی لە پڕۆسەی دادی کۆماری ئیسلامی ڕادەگەیەنێت.
تۆمەتە پاڵخراوەکانی ئەم چالاکە یارسانییە، “بێ ڕێزی بە پیرۆزییەکان و بێ ڕێزی بە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی” ڕاگەیێندراوە.
شایانی باسە کە ئەم چالاکە یارسانییە ڕێکەوتی ١٥ی جۆزەردانی ساڵی۱٤۰۰ی هەتاوی لە ساڵوەگەڕی خۆسووتاندنی”نیکمەرد تاهێری” وتارێکی ڕەخنەگرانەی لە دەسەڵات پێشکەش کرد.