ئەشکەنجە و ئازاری ڕیژیمی ئێران دژی ڕۆژنامەنووسانی دەرەوەی وڵات بابەتی دانیشتنی چەند ناوەندی نێونەتەوەیی بوو.
هاوکات لەگەڵ دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەیەک لە ناوەندەکانی پشتیوانی کردن لە ڕۆژنامەنووسان، لە دانیشتنێکدا پڕژانە سەر بابەتی ئەزییەت و ئازارەکانی ڕێژیمی ئێران لە دژی ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی کە لە کاناڵەکانی وەک ئێران ئینتێرنەشناڵ، بیبیسی فارسی، دۆیچەوێلە و ڕادیۆ فەردا، چالاکییان هەیە.
لەو دانیشتنەدا بەڕێوەبەرانی چەند ناوەندی نێونەتەوەیی و نوێنەرانی ئەو ناوەندانە ئامادە بوون و باسیان لە دۆخی ئەو ڕۆژنامەنووسانە کرد کە بەهۆی چالاکییەکانیان لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە شێوەی سیستماتیک کەوتوونە بەر ئازار و ئەزییەتەوە.
ئانتۆنی بلانگیر، بەرێوەری گشتیی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان ( ئای. ئێف.جەی)، وتی: “ئێمە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی بیبیسی فارسی، ئێران ئینتێرنەشناڵ، دۆیچەوێلەی فارسی و رادیۆ فەردا، کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە ئازار و ئەشکەنجەی دەروونی ناچار بە بێدنگییان دەکەن تا شارۆمەندانی ئێران دەستیان بە هەواڵە دروستەکان ڕانەگا، هاوپێوەندیمان هەیە.
لە درێژەی دانیشتنەکەدا “میشێل ئێستانئێستریت”، بەڕێوەبەری گشتیی یەکیەتیی نەتەوەیی ڕۆژنامەنووسانی بریتانیا و ئیرلەند (ئێن.یوو.جەی)، وتی:” گوشاری ڕیژیمی ئێران بۆ سەر بنەماڵەی ڕۆژنامەنووسانی دانیشتووی بریتانیا، دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی زۆری خستۆتە سەر ئەندامانی ئێمە لە بیبیسی فارسی و ئێران ئینتێرنەشناڵ.”
لە کۆتاییدا جێرمی دەیر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەموو هەوڵی ڕێژیمی ئێران لە ئەشکەنجە و ئازاری ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی، بێدەنگکردنی ئەوانە لە بەرامبەر ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی ئەو وڵاتەدا.