دامەزراوەی نێونەتەوەیی دابینکردنی دارایی لە پاریس، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند؛ لەگەڵ بوژانەوەی بەرجام و کەمکردنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بەدژی ڕێژیمی ئێران، پاشەکەوتی دراوی ئەو وڵاتە تا ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی دوو بەرابەر دەبێ.
بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی نێونەتەوەیی دابینکردنی دارایی لە پاریس، ئەگەر گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران کەم بکرێنەوە، پاشەکەوتی دراوی ئێران تا دوو ساڵی داهاتوو دەگاتە ١٤٠میلیارد دۆلار، هەروەها ئەگەر بەرجام ببوژێتەوە، گەشەی ئابووری ئەو وڵاتە هەر لە درێژەی ئەمساڵدا ٣.٥لەسەد و بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ی زایینیش ٤لەسەد هەڵکشان بەخۆیەوە دەبینێ.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە، لەگەڵ هەڵکشانی ئابووریی ئێران کە پێوەندی بە هەڵگرتنی گەمارۆکانەوە هەیە، چاوەڕوان دەکرێ ڕێژەی بێکاری لەو وڵاتە کە لە ئیستادا زیاتر لە سەدا ٢٠ـە کەم ببێتەوە و ئابووری ئێران لەگەڵ لابردنی گەمارۆکاندا هەڵکشانێکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێ. بە تایبەتی سەرلەنوێ هەناردەکردنی نەوت کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە دەبێ. شایانی باسە کە ئێران پێش گەمارۆکانی ئەمریکا ڕۆژانە ٢.٥میلیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، بەڵام دواتر ئەو ژمارەیە بۆ ٣٢٠هەزار بەرمیل دابەزی و لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ساڵی زایینیدا، بووەتە نزیکەی ٦٥٠هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.