لە درێژی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ١٦ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو و مانگرتنە گشتییە کرێکارییەکانی پیشەی نەوت و پێترۆشیمی لە ئێراندا ڕۆژ بە ڕۆژ بەربڵاوتردەبێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی پووشپەڕی١٤٠٠ی هەتاوی لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران ١٦ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوە چوو و مانگرتنە گشتییەکانی پیشەی نەوت و پێترۆشیمی لە ئێراندا بەردەوام و ڕوو لە زیادبوونە.
لە درێژەی مانگرتنە گشتییە کرێکارییەکاندا کرێکارانی گرێبەستیی پاڵاوگەکان، پیشەی پێترۆشیی و وێستگەکان، کرێکارانی گاما لە جاسک، کرێکارانی پیشەی پێترۆشیمی بوشێهر، پاڵاوگەی ئابادان و کۆمپانیای بەرهەمهێنانی پۆڵای ئابادان، دەستیان دایە مانگرتن و پەیوەستبوون بە کەمپەینی “١٤٠٠”وە.
هاوکات ناڕەزایەتیی گرووپێک لە پشکدارانی کۆمپانیای ماشێنسازی ئازەربایجان لە بەردەم بینای دادگوستەری تاران، کرێکارانی فەرمیی پاڵاوگەی نەوتی شیراز لەبەردەم دەرگای ئەو پاڵاوگەیە، کرێکارانی کۆمپانیای نەیشەکەری حەوت تەپە لە بەردەم بینای ئیداری ئەو کۆمپانیایە، خانەنشینکراوانی پیشەی پۆڵای شارەکانی ئیسفەهان و خووزستان لە بەردەم بینای ئیدارەی کاری شارەکانی خۆیان، خانەنشینکراوانی فڕۆکەوانی کۆمپانیای هۆما لە بەردەم بینای ئەو کۆمپانیایە لە شاری تاران، مامۆستایانی قوتابخانەکانی تاران لەبەردەم بینای وزارەتی پەروەردە و بارهێنان لە شاری تاران، کرێکارانی خانەنشینکراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی خووزستان لە بەردەم بینای وەزارەتی کاری ئەو پارێزگایە، جووتیاران و مەڕدارانی پارێزگاکانی ئیسفەهان، یەزد، فارس و خوراسان لەبەردەم ڕێکخراوی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی شارەکانی خۆیان، خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی شاری تاران لە بەردەم بینای وەزارەتی کاری شاری تاران، خوێندکارانی زانکۆی ئیزە لە بەردەم زانکۆی ئازادی ئەو شارە و بازاڕییان و دوکاندارانی شاری ئێرانشار لە بەردەم بینای فەرمانداری ئەو شارە بەڕێوە چوو.
ناڕازییان دەڵێن تا ئەو کاتەی ماف و ویستەکانمان لەلایەن بەرپرسانەوە دابین نەکرێ کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەردەوام و بەربڵاوتر دەبێتەوە.