سەرۆکی مەجلیسی ئێران بە ئاماژە بە درێژنەکردنەوەی ماوەی لێکۆڵینەوەکان لەنێوان ئێران و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی وتی: ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران نادەیەن بە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە.
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە دانیشتنێکی گشتیی مەجلیسدا وتی: پاش کۆتایی هاتنی کاتی سێ مانگەی ڕێککەوتنی ئێران و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە لەهەمبەر ئیزنپێدانی لێکۆڵەرانی ئاژانس بۆ لێکۆڵینەوە لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران و نەگەیشتن بە هیچ ڕێککەوتنێک لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، ئێمە هیچ گرتە ڤیدیۆیەک نادەین بە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی.
پاش پەسەندکردنی یاسای بەرتەسککردنی ئیزنپێدان بە لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی و کوژرانی موحسێن فەخریزادە، مەجلیسی ئێران، ئیزنی لێکوڵینەوە لەلایەن لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێرانی درێژ نەکردەوە.
هەرلەم پێوەنییەدا ڕافائێل گڕووسی، سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی پاش سەردانێک بۆ ئێران، ڕێککەوتنێکی دوو مانگەی لەنێوان ئێران و ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی واژۆ کرد و بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ئەو ڤیدیۆیانەی کە کامێرا چاوەدێرییەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران تۆماری دەکەن، تاکاتی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەنێوان ئێران و وڵاتانی بەشدار لە ڕێککەوتنی ناوکیی لەلای ئێران بمێنێتەوە.
جێگای ئاماژەیە ئەم ڕێککەوتنە بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە و تا ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی درێژکرابووەوە، بەڵام پاشان بەهۆی بێئاکام مانەوەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، ئێران ماوەی ئەو ڕێککەوتنەی درێژنەکردەوە و نوێنەری ئێران لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە، درێژە کردنەوەی ماوەی چاوەدێری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران بە شتێکی ناپێویست ناوبرد و وتی: ئێمە ئیزن بە چاوەدێری لێکۆڵەرانی ئاژانسی وزەی ناوکیی نادەیەن، چاوەدێری دامەزراوە ناوکییەکانمان بکەن.