عارف ئەلجەهمانی، یەکێک لە دیارترین فەرماندە سەربازییەکانی حیزبوڵای لوبنان کە بە کەسی یەکەمی حیزبوڵا لە سووریە بەنێوبانگە کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی شەممە ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، عارف ئەلجەهمانی، کەسی یەکەمی سەربازیی حیزبوڵای لوبنان لە سووریە لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە لە شاری”سەیدا” هەڵکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی دەرعا، بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراوە.
بەپێی ئاماری چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە لە ساڵی ٢٠١٩ی زایینییەوە تا ئێستا زیاتر لە هەزار و ١٢٦ هێرشی چەکداری بە ئامانجی کوشتنی کەسانی سەر بە ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە شاری دەرعا هاتووەتە ئاراوە.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕاگەیاندنەکانی دژبەری ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە ڕایانگەیاند کە عارف ئەلجەهمانی، وەکوو کەسی یەکەمی سەربازیی حیزبوڵای لوبنان لە شاری دەرعا دەهاتە ئەژمار کە لەلایەن چەند چەکدارێکەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.