فڕۆکەشەڕکەرەکانی ئەمریکا لە هێرشیکی ئاسمانیدا بۆسەر میلیشیاکانی سەر بە ڕیژیمی ئێران لە عێراق و سووریە، کۆگای چەکوچۆڵی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان کردە ئامانج و لە ئاکامدا ٥کەس کوژران.
بەپێی راپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە هێرشێکی ئاسمانیی فڕۆکەشەڕکەرەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکە وبارەگاکانی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سنووری سووریە وعێراق ٥ میلیشیا کوژران.
هەرلەم پێوەندییەدا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا” پێنتاگۆن” لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە هێزە ئاسمانییەکانی ئەرتەشی ئەمریکا لە چەند هێرشی ئاسمانیدا، بنکەی لوجستیک و کۆگای چەکوچۆڵی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە سنووری نێوان سووریە وعێراق کە دووبنکەیان لە خاکی سووریە و بنکەیەکی دیکەی میلیشیاکانی سەر بەرێژیمی ئێران لە خاکی عێراق کراوەتە ئامانجی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا.
بەپێی بەیاننامەکەی پێنتاگۆن،ئەم هێرشانە کە بە بڕیاری” جۆ بایدێن” سەرۆککۆماری ئەمریکا کراون، بنکەی میلیشیاکانی” حیزبوڵای عێراق” و گوردانەکانی” سەیدولشوهەدا” و حەشدی شەعبی کە سەر بەڕێژیمی ئێرانن لە سنوورەکانی عێراق و سووریە کراونەتە ئامانج.
لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم هێرشانە بۆ کاردانەوە و هوشدارە لەهەمبەر هێرشی دڕۆنەکانی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراقدا و دەوڵەتی جۆبایدێن بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا بە بێ هیچ گومان و دوو دڵییەک هێرش دەکاتە سەر هەر لایەنێک کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بخاتە مەترسییەوە.
جێگای ئاماژەیە کە ئەمە دووهەمین هێرشی ئاسمانیی هێزەکانی ئەمریکایە بۆ سەر بنکەکانی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە کاتی هاتنەسەر کاری جۆبایدێن وەکوو سەرۆککۆماری ئەمریکا.