هاووڵاتییەکی دیکە لە شاری شنۆ دەسبەسەر کرا و بەمەش ژماری ئەو کەسانەی لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا لەو شارە دەسبەسەر کراون گەیشتە ٦ کەس.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی یەکشەممە ٦ی پووشپەڕی ۱٤۰۰ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی شاوانەی سەر بە شاری شنۆ بە ناوی “شۆڕش مەحموودیان” لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکرانی شۆڕش مەحموودیان و ئەم تۆمەتانەی خراوەتە پاڵی لە بەردەستدا نیە.
بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی حەوتوویی ڕابردوو لانیکەم ٦ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون کە دوو کەسیان ئازاد و ٤ کەسی دیکەیان هێشتا دەسبەسەرن.