ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست لە بابەتێکدا نووسی: ئیبراهیم ڕەئیسی گرفتێکی گەورەیە بۆ جۆ بایدێن.
ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست لە بابەتێکدا نووسی: گرفتی گەورە بۆ بایدێن ئەوەیە کە لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی کە سەرەکیترین هۆکارە بۆ دەسبەسەرکردن و لەنێو بردنی دژبەرانی ئەو ڕێژیمە و ئێستا لەگەڵ خەڵکی ناڕازی وڵات ڕووبەڕوویە، دەبێ چ بکا؟ کۆماری ئیسلامی هیچ وڵامێکی بۆ سەرەکیترین داخوازییەکانی خەڵکی ئێران نییە و کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە هەوڵ دەدەن بە زۆری وڵات بەڕێوەبەرن و لە دەسەڵاتدا بمێننەوە و خەڵکی ئێرانیش وە زاڵە هاتوون و سەبر و تاقەتیان لێبڕاوە.
ئەو ڕۆژنامەیە هەروەها دەنووسێ: ئەو بیرۆکەیەی ڕێفۆرمخوازەکان کە سەردەمانێک دەیانکوت حکومەتی دینی لە ڕێگای ڕێوشوێنەکانی یاسای بنەڕەتیی خۆی دەتوانێ خۆی لیبڕالیزە بکا، ئیدی مردووە. و ڕەئیسی لەو پۆستەی کە تێیدایە هاتووە کە هەموو کەلێنەکانی دەسەڵات پڕ بکاتەوە نەک ئەوەی کە کرانەوەی سیاسی بێنێتە ئاراوە.
واشینگتۆن پۆست لە درێژەدا دەڵێ: سەرکوتی ناڕازییان لە ئێران و بەربەرەکانی لەگەڵ ئیمپریالیسم لە دەرەوە لە سەرەکیترین ئامانجەکانی ئەو ڕێژیمەیە و ئەو زێدەخوازییە پێویستیی بە میلیشیا چەکدارەکان لە سەرانسەری ناوچەکە و دامەزراندنی بنکەی مووشەکیی و گەورەترین چەکی ئێستراتێژیک واتە چەکی ناوکیی هەیە.
ڕەئیسی کەسێکە کە دواکەوتەی بیرۆکەیەکی توندئاژۆیانەیە کە بە گشتی هەموو شوێنکەوتووەکانی خۆی وا بارهێناوە و لە ئێستادا ئەو کەسانە خاوەن پۆستە سەرەکییەکانن لە کۆماری ئیسلامیدا و بە تایبەتی لە ناوەندە سەرکوتکەرەکان دان. هەر بەو هۆیەوە ڕەئیسی کێشەیەکی نائاسایی و لەکارخەرە بۆ ئێستراتێژیی دیپلۆماسی دەوڵەتی بایدێن کە دەڵێ بابەتی مافی مرۆڤ بۆ ئەمریکا لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە.