سێناتۆرەکانی هەر دوو حیزبی کۆماریخواز و دێموکراتی ئەمریکا، چەندین جارە بە دژکردەوە لەگەڵ بوژانەوەی بەرجام، نامەیان بۆ سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە نووسیوە.
بەپێی ڕاپۆرتی “ڤێبگا” (هەواڵی واشینگتۆن لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست) هەوڵەکانی دەوڵەتی “جۆ بایدێن” بۆ بوژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، تا ئیستا لەگەڵ دژکردەوەی چەندینجارەی یاسادانەرانی ئەمریکایی لە هەردوو حیزبی کۆماریخواز و دێموکرات، ڕووبەڕوو بووەتەوە و ئەو یاسادانەرانە کە بە گشتی دژی بوژانەوەی بەرجام لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانن، چەندینجار لەو بارەوە نامەیان بۆ سەرۆککۆماری ئەمریکا یان ئەنتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە نووسیوە.
گەورەترین ناڕەزایەتی دەربڕینی یاسادانەرانی ئەمریکا بەدژی ژیانەوەی بەرجام ئەو نامەیە بوو کە “مایکێل والتێس” نوێنەری کۆماریخواز و “ئانتۆنی براون” نوێنەری دێموکراتەکان، بە واژۆی ١٤٠ نوێنەر لە هەر دوو حیزب نووسیان و بۆ سەرۆککۆماری وڵاتەکەیان نارد. یاسادانەرانی ئەمریکایی پاش ئەو نامەیە هەر لەو پێوەندییەدا نامەیەکی دیکەیان نووسی و دژکردەوەی خۆیان لەهەمبەر بوژانەوەی بەرجام دەربڕی و ئەو نامەیە بە سەرۆکایەتی “باب مۆندێز” سێناتۆری دێموکرات و “لیندزی گراهام” سێناتۆری کۆماریخواز خستیانە ڕوو و لەلایەن ٤٣سێناتۆری دیکەی هەردو حیزب واژۆ کرا.
سێناتۆرەکانی هەر دوو حیزبی کۆماریخواز و دێموکراتی ئەمریکا، بە توندی دژکردەوەی خۆیان لەهەمبەر ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەربڕیوە و دەڵێن، کۆماری ئیسلامی بەهیچ شێوەیەک جێی متمانە نییە کە ڕێککەوتنی لەگەڵ بکرێ و ناشبێ بەهیچ شێوەیەک دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگات، لەبەر ئەوەی تەواوی جیهان دەکەوێتە مەترسییەوە و شەڕ و ئاژاوە ناوچەکە و جیهانیش دەگرێتەوە.